شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستی پێکردەوە
شەڕی نێوان سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستی پێکردەوە و هەردوو وڵاتیش ئامادەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2020، شوشا ستیبانیان، سکرتێریی رۆژنامەوانیی وەزارەتی بەرگریی ئەمینیا رایگەیاندووە، کاتژمێر 2:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (بەکاتی هەولێر)، هێزەکانی سوپای ئازەربایجان هەوڵی جوڵە و پێشڕەوییان داوە و هەردوو گوندی ئیجبار و مۆفسیسیان بۆردومان کردووە.
شوشا ستیبانیان هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانی وڵاتەکەی زوو هەستیان ”بەو جوڵەیەی هێزی دوژمن“ کردووە و دوای شەڕێکی دژوار، هێزەکانی ئازەربایجانیان ناچار کردووە پاشەکشە بکەن.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانیان لەسەر ناوچەی قەرەباغی سنووری بە گفتوگۆ، دەربڕیوە.
پێشتریش لە رۆژی 12-7-2020، هێزەکانی هەردوو وڵات رووبەڕووی یەک بوونەوە و دوای سێ رۆژ، ئاگربەستیان راگەیاند.
باسنيوز
