چین باڵوێزی ئەمریکا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات
یەک ڕۆژ دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەبارەی جێبەجێکردنی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا لەدژی چین، ئەو وڵاتە باڵوێزی ئەمریکا لە پەکین بانگهشتی وەزارەتی دەرەوە کردووە و هۆشداریی توندیان بە ئەمریکا داوە.
دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە 2020.7.14 بە پشتبەستن بە یاسای سزا بەسەر چین، بڕیاری جێبەجێکردنی چەند گەمارۆی نوێی لەدژی بەرپرسانی باڵای چین لە "هۆنگ کۆنگ" و بانکەکانی ئەو وڵاتەی دەرکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) جێگری وەزیری دەروەی چین ناڕەزایی فەرمیی پەکین لەو بارەوە بە باڵوێزی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە "ژێنگ زێگوانا" بە باڵوێزی ئەمریکای گوتووە چین (لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی) هەموو هەوڵ و هەنگاوێکی پێویست بۆ وێنە گەمارۆ لەدژی کەسایەتییە ئەمریکی و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتە بەر.
یەک کاتژمێر بەرلەو دیدارە وەزارەتی دەرەوەی چین بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئاشکرای کردبوو کە پەکین لە بەرانبەر ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا هەوڵی هاوشێوە دەدات و گەمارۆ دەخاتە سەر بانکە ئەمریکییەکان.
باسنيوز
