ئۆکراینا قومارخانەکان دەکاتەوە تاوەکو خەرجی تەندروستی و پەروەردە دابین بکات
ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2020 پەرلەمانی ئۆکراینا پرۆژە یاسای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی قومارکردنی پەسندکرد و بەو جۆرەش کۆتایی بە زیاتر لە 10 ساڵ لە قەدەخەکردنی قومار لەو وڵاتەدا هێنرا. ئامانج لەو کارەش زیادکردنی داهاتی وڵاتە بە بڕی 150 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
ئەمە لەکاتێکدایە شەڕی شەش ساڵەی ئۆکراینا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دژ بە گرووپە چەکدارەکانی رووسیا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا زیاتر لە 54 هەزار تووشبوو و زیاتر لە هەزار و 400 مردووی تۆمارکردووە، بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی سستکردووە و حکومەتیش بەو هەنگاوەی چاوەڕێدەکات، گوژمێک بداتە ئابوورییەکەی.
حکومەتی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، ئەو بڕە پارەیەی کە ساڵانە لە یانەکانی قومار وەک باج وەردەگیرێت، لە بواری تەندروستی، پەروەردە و پرۆژە وەرزشییەکانی وڵاتەکە خەرجدەکرێت.
لەچوارچێوەی یاسا نوێکەی تایبەت بە رێگەپێدان بە قومارکردن کە هێشتا پێویستی بە واژۆکردنی ڤلۆدیمیر زێلینیسکی، سەرۆکی وڵات هەیە، ناوەندێكی حکومی تایبەت دادەمەزرێندرێت بۆ پێدانی مۆڵەت بەو کەس و کۆمپانیانەی کە نیازیان هەیە یانە و ناوەندەکانی قومارکردن، بکەنەوە.
مەرجی سەرەکی پێدانی مۆڵەت بەو کۆمپانیایانە ئەوەیە کە دەبێت کۆمپانیاکان لەنێو ئۆکراینادا تۆمارکرابن. هەموو بازرگانێكی بیانیش مۆڵەتی کردنەوەی یانەی قوماری پێدەدرێت، جگە لە بازرگانە رووسەکان. هەروەها رێگە بە ئەنجامدانی هەموو جۆرە قومارێك دەدرێت لەو هۆتێلانەی کە پۆڵێنیان لە 3 تاوەکو 5 ئەستێرەیە.
بەگوێرەی یاسا نوێکە، تەمەنی ئەو کەسانەی رێگەپێدراون قومار بکەن لانیکەم بە 21 ساڵ دیاریکراوە.
رووداو
