داهاتی هەناردەی زێڕی رووسیا پێش داهاتی هەناردەی گازی سرووشتی کەوتووە

داهاتی هەناردەی زێڕی رووسیا پێش داهاتی هەناردەی گازی سرووشتی کەوتووە
داهاتی هەناردەی زێڕی رووسیا بۆ جاری یەکەم پێش داهاتی هەناردەی گازی سرووشتی کەوتووە. لە هەردوو مانگی نیسان و ئایار کۆمپانیا کانزاییەکانی رووسیا 65.4 تۆن زێڕیان بە 3.55 ملیار دۆلار فرۆشتووە، کۆمپانیاکانی گازی سرووشتی لە هەمان ماوەدا بڕی 2.4 ملیار دۆلار فرۆشیان هەبووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی گومرگی فیدراڵی و بانکی ناوەندی رووسیا، داهاتی هەناردەی گازی سرووشتیی رووسیا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 3.5 ملیار دۆلار بووە کە کەمترە لە داهاتی دوو مانگی [نیسان و ئایار] کۆی داهاتی هەناردەی زێڕ کە 3.55 ملیار دۆلار بووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ریزبەندیکردن و شیکاریی رووسیا (ACRA)، ئەوە جاری یەکەمە لە مێژووی هاوچەرخی رووسیادا داهاتی هەناردەی زێڕ زیاتربێت لە داهاتی گازی سرووشتی. مەکسیم خودالۆڤ، سەرۆکی بەشی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان لە ئاژانسی ریزبەندیکردن و شیکاریی رووسیا رایگەیاندووە، لە ساڵی 1994ەوە هەمیشە داهاتی هەناردەی گازی رووسیا لە داهاتی هەناردەی زێڕ زیاتربووە، ئەوەی ئەمجارە روویداوە لە مێژووی زیاتر لە دوو دەیەی رابردووی روسیادا رووینەداوە.

ئامارەکانی نووسینگەی گومرگی فیدراڵی رووسیا دەریدەخەن کە هەناردەی زێڕ لە رووسیا لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 14 هێندە زیادیکردووە، بەشێوەیەک کە ساڵی رابردوو لە هەردوو مانگی نیسان و ئایاردا رووسیا بە بڕی 247 ملیۆن دۆلار زێڕی هەناردەی دەرەوە کردووە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتی هەناردەی زێڕ 1.4 ملیار دۆلارە.

بەرزبوونەوەی هەناردەی زێڕ لە رووسیا پەیوەستە بە بڕیاری بانکی ناوەندیی رووسیا بە نەکڕینی زێڕ، بۆئەوەی کۆمپانیاکان هەناردەی دەرەوەی بکەن و لەڕێیەوە داهات بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

لە ساڵی رابردوودا رووسیا بە بڕی 5.7 ملیار دۆلار زێڕی فرۆشتووە، کە نزیکەی تەواوی قەبارەی ئەو کانزا زەردە [93%] لەلایەن بەریتانیا کڕراوە و بەهاکەی 5.33 ملیار دۆلار بووە؛ هەروەها 12 وڵاتی دیکە، لەنێویاندا کازاخستان و سویسرا، بە بڕی 409 ملیۆن دۆلار زێڕیان لە رووسیا کڕیوە.

بەهۆی بەردەوامیی داڕمانی ئابووریی جیهان لەژێر هەڕەشە و ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەبەر‌هێنەران زیاتر روویان لە کڕینی زێڕ کردووە کە وەکو سەرمایەیەکی سەلامەت لە بەرامبەر داتەپینی ئابووریی جیهانی دەیبینن، ئەمەش وایکردووە نرخی زێڕ بە بەردەوامی نرخەکەی بەرزببێتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە 17%ی بەهاکەی بەرزبووەتەوە.

لەکاتێکدا بازاڕە داراییەکانی جیهان ناجێگیرن و رۆژانە بەرز و نزم دەبنەوە؛ هاوکات ترس لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا وایکردووە بازاڕە داراییەکان بە رەنگی سوور دەست بە مامەڵەکانیان بکەن و دابخرێن، بەڵام زێڕ ئاراستەیەکی پێچەوانەی گرتووە.

ئێستا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دەوروبەری هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە چەند رۆژی رابردووشدا گەیشتە سەرووی هەزار و 820 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک؛ ئەمەش بەرزترین نرخی زێڕە لە ساڵی 2011وە تۆمارکرابێت.

لە پێنج مانگی رابردووشدا کە بازاڕە داراییەکان تووشی دابەزینی مێژوویی هاتوون، زێڕ پارێزگاریی لە بەهاکەی کردووە و بەهۆی زۆریی خواست لەسەری نرخی پێوانەیی تۆماردەکات.

هەریەک لە بانکی مۆرگان ستانلی، جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە ساڵی 2021 بگاتە ئاستی دوو هەزار دۆلار و سەرووتریش.

بانکی گۆڵدمان ساکس لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینییەکانی بۆ نرخی زێڕ بۆ سێ مانگ، شەش مانگ و 12 مانگی داهاتوو بەرزکردەوە. بەگوێرەی گۆڵدمان ساکس، لە سێ مانگی داهاتوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ هەزار و 800 دۆلار، لە شەش مانگی داهاتووشدا دەگاتە هەزار و 900 دۆلار و لە ماوەی 12 مانگی داهاتووشدا تاوەکو دوو هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی پێشبینییەکانی پێشووی بانکەکە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە ماوەی ساڵێکدا لەنێوان هەزار و 600 بۆ هەزار و 800 دۆلار دەبوو.

جێف کووری، میخایل سپرۆگیس و دانیاڵ شارپ، لێکۆڵەری بواری کاڵا ستراتیژییەکانی گۆڵدمان ساکس دەڵێن، خواست لەسەر زێڕ ساڵ لەدوای ساڵ بە رێژەی 30% بەرزبووەتەوە، هاوکات ئاستی بەرهەمهێنانی زێڕیش ساڵانە بە رێژەی 20% زیادیکردووە.

ناوەندە داراییەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری زێڕ لە چەند مانگی داهاتوودا دەگەڕێننەوە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، نادڵنیایی لەبارەی ئابووریی جیهان و زیادبوونی خواست بۆ زێڕ.









رووداو
Top