پەرلەمانی لیبیا داوای هاوکاری لە سوپای میسر دەکات
پەرلەمانی لیبیا پێشوازیی لە وتاری عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر بە یەکخستنی هەوڵەکانی لیبیا و میسر بۆ سەقامگیری و بەرقەرارکردنی ئاسایش، کردووە.
هەروەک میدیا عەرەبییەکان باسی دەکەن، پەرلەمانی لیبیا داوای لە سوپای میسر کردووە ”لەکاتی پێویست و بۆ پاراستنی ئاسایشی هەردوو وڵات“، دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆی لیبیا.
پەرلەمانی لیبیا پێیوایە بەرپەرچدانەوەی دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆیی لیبیا سەروەریی و یەکێتیی خاکی لیبیا دەپارێزێت.
تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بەڕێوە دەبرێت بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنيوز
