فڕەنسا ئامادەکاری بۆ رۆژی نیشتیمانی دەکات
ئەمڕۆ 14ی تەمموز رۆژی نیشتیمانی فڕەنسایە، بەڵام ئاهەنگگێرانی ئەمساڵی پاریس بەشێوەیەکی تایبەت بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێک سەدان نمایشی یارییە ئاگرینەکان رەتکراونەتەوە، رێگاکانی گەیشتن بە بورجی پاریس داخراون.
بەپێی هەواڵێکی فڕانس 24، ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕەنسا یادی رۆژی نیشتیمانی وڵاتەکە دەکرێتەوە، هەمو ساڵێک لەم رۆژەدا لە پاریسی پایتەخت فڕەنسا چەندین ئاهەنگی نمایشی ئاگرین ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەمساڵدا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەدان لەو نمایشانە رەتکراونەتەوە.
دەسەڵاتدارانی فڕەنسا بڕیاریانداوە لەمرۆدا ئەو رێگایانە دابخەن کە بەرەو بورجی ئیڤل دەچێت لە پاریس، بۆ رێگریکردن لە کۆبونەوە لەو ناوچەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵانی پێشوتردا نزیکەی ملیۆنێک کەس لە دەوروبەری بورجەکەدا کۆدەبونەوە بۆ چێژ وەرگرتن لە ئاهەنگی نمایشی یارییە ئاگرینەکان.
نمایشی یارییە ئاگرینیەکان لە نزیک بورجی ئیڤل بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبونی جەماوەر لەو ناوچەیە
لەوبارەیەوە شارەوانی فڕەنسا راگەیاند، نمایشی یارییە ئاگرینیەکان لە نزیک بورجی ئیڤل بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبونی جەماوەر لەو ناوچەیە، ئاهەنگەکەش لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بە شێوەی راستەوخۆ پەخش دەکرێت.
بڕیارە بۆ رێزگرتن بە کارمەندانی تەندروستی وڵاتەکە، لە مەیدانی کۆنکۆرد لە پاریس نمایشێکی سەربازی بەڕێوەبچێت
بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سەرۆکایەتی فڕەنسا، بڕیارە لە مەیدانی کۆنکۆرد لە پاریس نمایشێکی سەربازی بەڕێوەبچێت، تیایدا رێز لە کارمەندانی تەندروستی کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتەکە دەگیرێت، کە رۆڵی گەورەیان هەبوە لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەکەدا.
باسنيوز
