ئه‌ڵمانیا: نیگه‌رانین له بڕیاری گۆڕینی ئه‌یاسۆفیا
ئه‌مڕۆ له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، گوته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا گوتی: ئه‌یاسۆفیا بۆ هه‌ردوو ئاینی ئیسلام و مه‌سیحی به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و ئێمه نیگه‌رانین له بڕیاری ئه‌نقه‌ره بۆ گۆڕینی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه به مزگه‌وت.
هه‌روه‌ها گوتی: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بزانین رێنماییه‌كانی به‌كارهێنانی ئه‌و شوێنه له داهاتوودا چۆن ده‌بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوێنێ له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "كریتر"ی توركی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه گوتی: ئه‌یاسۆفیا بووه‌ته مه‌زاری سوڵتانی عوسمانی، محه‌ممه‌د فاتح، هاوكات له‌گه‌ڵ یادی رزگاركردنی ئه‌سته‌نبوڵدا، نوێژی هه‌ینی لێ به‌رپا ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: سوڵتان محه‌ممه‌د فاتح دوای رزگاركردنی ئه‌سته‌نبوڵ ئه‌و شوێنه‌ی كردووه‌ته مزگه‌وت وه‌ك ره‌مزێك بۆ سه‌ركه‌وتن و فه‌تحی شاره‌كه. ئه‌وه‌ش شتێكه له یادگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان روونه و پێویست به بیرهێنانه‌وه ناكات.
سه‌رۆكی توركیا باسی له‌وه‌شكردووه، گۆڕینی مزگه‌وتی ئه‌یا سۆفیا له ساڵی 1934دا بۆ مۆزه‌خانه بڕیارێك بوو ئازاری گه‌لی توركیای دا، ئێستا كاتییه‌تی ئه‌و شوێنه ناسنامه‌ی راسته‌قینه و بنه‌ڕه‌تی خۆی بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: بڕیاری دادگای ئیداری باڵا له‌و باره‌یه‌وه ئه‌رێنی بووه. بۆیه هیچ به‌هایه‌ك بۆ ئه‌و ده‌نگانه دانانێت كه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه له باره‌ی رێڕه‌ویی یاسایی ئه‌و پرسه ناڕه‌زایه‌تی پیشان ده‌ده‌ن.
سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئومه‌تی تورك" خاوه‌نی بڕیاره له باره‌ی ره‌وشی ئه‌یا سۆفیا، نه‌ك كه‌سی دیكه. ئه‌وه پرسێكی ناوخۆییمانه و پێویسته وڵاتان رێز له بڕیاره‌كانمان بگرن.
هه‌ینی رابردوو، سه‌رۆكی توركیا، مه‌رسوومێكی ده‌ركرد و به گوێره‌ی مه‌رسوومه‌كه، له 24ی ئه‌م مانگه‌وه ئه‌یا سۆفیا به رووی موسڵماناندا ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌رستشی خودای تێدا ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌ریه‌ك له یۆنان، رووسیا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا و یۆنسكۆ ناڕه‌زاییان له باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی توركیا ده‌ربڕیوه.
ئه‌یاسۆفیا له ساڵی 537ی زاینی وه‌ك گه‌وره‌ترین كڵێسه‌ی ئیمپراتۆریای بێزه‌نتینی درووستكراوه و دوای ئه‌وه‌ی له 1453 سوڵتانی عوسمانی محه‌ممه‌د فاتح، قوسته‌نتینییه‌ی كۆنترۆڵ كرد، ئه‌و شوێنه‌ی گۆڕی بۆ مزگه‌وت و سنان پاشای ئه‌ندازیاری ناوداری عوسمانییه‌كان، ده‌ستكاری دیزاینی شوێنه‌كه‌ی كرد و مۆركی ئیسلامی پێ به‌خشی و به‌رده‌وام وه‌ك گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی ئاینی له ئه‌سته‌نبووڵ ماوه‌ته‌وه، تا له دوای رووخانی خیلافه‌تی عوسمانی و گۆڕینی توركیا بۆ ده‌وڵه‌تێكی سیكۆلار له 1934 حكومه‌تی توركیا به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كه‌مال مزگه‌وته‌كه‌ی كرده مۆزه‌خانه و په‌رستشی تێدا قه‌ده‌غه كرد.
K24
