بەریتانییەکان و ئەمریکییەکان بەهۆی سەرکردەکانیانەوە منداڵەکانیان کەم ناودەنێن بۆریس و ترەمپ

بەریتانییەکان و ئەمریکییەکان بەهۆی سەرکردەکانیانەوە منداڵەکانیان کەم ناودەنێن بۆریس و ترەمپ
هەرچەندە سەرۆکوەزیرانەکەیان ناوی بۆریس جۆنسنە و سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین هاوپەیمانی وڵاتەکەشیان ناوی دۆناڵد ترەمپە، بەڵام ئێستا زۆربەی دایک و باوکەکان لە بەریتانیا کەم ناوی کوڕەکانیان دەنێن بۆریس یان دۆناڵد.

سەرژمێری و توێژینەوەیەکی بەریتانیا دەریدەخات، 76٪ی دایک و باوکەکان ئامادە نین منداڵەکانیان ناوبنێن بۆریس و 62٪یشیان نایانەوێت منداڵەکانیان ناوبنێن دۆناڵد.

ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوی کچانەوە هەیە، رێکخراوی داعش وایکردووە زۆرینەی دایک و باوکەکان نەیانەوێت کچەکانیان ناوبنێن "ئایسس"، کە بە ئینگلیزی کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ە.

پێش ئەوەی جیهادییەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە گرووپەکەیان ناوبنێن "ئایسس"، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی جیهانیش ناوی منداڵەکانیان دەنا "ئایسس"، چونکە لە ئەفسانەی میسرییدا "ئایسس" ناوی خواوەندێکە. رێکخراوی داعش وایکردووە ئێستا 72٪ی بەریتانییەکان ئامادە نەبن کچەکانیان ناوبنێن "ئایسس".

لە ئەمریکاش، ژمارەی ئەو منداڵانەی ناویان لێدەنرێت دۆناڵد زۆر نییە.

لە ساڵی 2018دا 533 منداڵ ناویان لێنرابوو دۆناڵد، ئەوە لەکاتێکدایە لە 2017دا ئەو ژمارەیە 600 منداڵ بوو.

بەڵام زۆرن ئەو کەسانەی کچەکانیان ناودەنێن ئیڤانکا یان میلانیا.

ئەگەر بەرواردێک لەنێوان ساڵانی 2017 و 2015دا بکرێت، ئەوا روون دەبێتەوە ناوی ئیڤانکا لە ئەمریکا بەرێژەی 360٪ زیادیکردووە و ناوی میلانیاش 227٪ زیادیکردووە.

ئیڤانکا کچی دۆناڵد ترەمپە و گەورە راوێژکاری باوکیەتی بۆ پرسی ژنان. میلانیاش هاوژینی دۆناڵد ترەمپە.








رووداو
Top