یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری بە تورکیا دەدات لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا و لیبیا، کە لە هەردووکیاندا تورکیا لەڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە بەشداریی بەرچاوی هەیە.
بۆرێل دەڵێت "پەیامی روونمان بە تورکیا داوە کە ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی بنەما، بەها، سنوور و سەروەریی وڵاتانی ئەندام [لە یەکێتیی ئەوروپا]؛ هەروەها بەردەوامدەبین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا و لیبیا".
دوای ئەوەی تورکیا لەنێو سنوورە ئاویەکانی قوبرسی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەستیکرد بە گەڕان بەدوای نەوت و گازدا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا گرژییان تێکەوت.
تورکیا وڵاتێکی بەربژێرە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانێکی ناتۆیە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوە کردووە "ئەو پێشهاتە نەرێنیانەی ئێستا لە پەیوەندیەکانماندا [لەگەڵ تورکیا] هەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئەنقەرە بە هاوکارە تورکەکانمان، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریم راگەیاند کە پێویستە ئەو پێشهاتە نەرێنیانەی لە پەیوەندیەکانماندا هەن بوەستێنرێن و پێچەوانە بکرێنەوە؛ سیاسەتی تۆڵەکردنەوە دەریای ناوەڕاست ناکاتە شوێنێکی ئارامتر".
بەرهەڵستیکردنی کەشتییەکی تورکیاش لە دژی کەشتییەکی هێزی دەریایی فەرەنسا کە لە ئەرکی چاودێریکردنی گەمارۆی چەکی سەر لیبیا بوو، فەرەنسای توڕەکردووە.
رووداو
