ئێران پاراستنی باڵاخانەی وەزارەتەكان بە سوپای پاسداران دەسپێرێت

ئێران پاراستنی باڵاخانەی وەزارەتەكان بە سوپای پاسداران دەسپێرێت


فەرماندەی "بەسیج"ی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە لەمەودوا پاراستنی باڵاخانەی وەزارەتەکان و دامودەزگا حکوومەییەکان دەسپێردرێتە بەسیج کە ڕێکخراوێکی سەر بە سوپای پاسدارانە.

لەمبارەوە حەمیدڕەزا قورەیشی، فەرماندەی بەسیجی وەزارەت و دامودەزگاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە ماڵپەڕی (دفاع پرێس)ی ڕاگەیاندووە کە بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کە ساڵی پار دەری کردووە، لەمەودوا پاراستنی باڵاخانەی وەزارەت و دامودەزگا حکوومییەکان دەسپێردرێتە ڕێکخراوی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران.

ئەو بەرپرسە بەبێ ئاماژەکردن بە وردەکایی ئەو بڕیارە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە "بەسیجی وەزارەتاکان" بەرپرسیاری پاراستنی هەموو باڵاخانەی وەزارەت و دامودەزگا حکومییەکانە و دەبێ تیمی بەرپەرچدانەوەی خێرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و مەترسی و ڕووداوێک پێک بێنێت.

ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە چ ئامانجێک پاراستنی باڵاخانە و دامودەزگاکانی بە سوپای پاسداران سپاردووە.

ئەسپاردنی ئەو ئەرکە نوێیە بە رێکخراوی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕیاریک کە ساڵی 2000 دەرکراوە و عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی دامودەزگا حکوومییەکان، لەلایەن ئەرکانی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئیرانەوە دەبێت کەلە ئەستۆی پۆلیس (هێزی ئینتزامی)ی ئێرانە.









باسنيوز
Top