ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژەیەکی رووسیا لە بارەی سووریا رەت دەکاتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژەیەی کۆماری رووسیای فیدراڵ لەبارەی گەیاندنی هاوکاری بۆ سووریا، رەت دەکاتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 8-7-2020، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژەیەکی رووسیای بۆ گەیاندنی هاوکاری بە سووریا، خستە دەنگدانەوە.
پرۆژەکەی رووسیا بریتی بوو لە درێژکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ سووریا تەنیا لە دەروازەی بابولهەوا لەنێوان سووریا - تورکیا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە.
لە پرۆسەی دەنگداندا، چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگیان بە پرۆژەکە دا و حەوت ئەندامیش دەنگیان لە دژی پرۆژەکە دا، هەروەها چوار ئەندامیش رەتیان کردەوە دەنگ بدەن، بەمەش پرۆژەکەی رووسیا رەت کرایەوە.
ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە لەلایەن رووسیا و پێشکەشکردنی بە ئەنجوومنی ئاسایش دوای بەکارهێنانی بڕیاری ڤیتتۆ بوو لەلایەن رووسیا و چین لە دژی پرۆژەیەکی بەلجیکی - ئەڵمانی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە سووریا لەڕێی دەروازەکانی بابولسەلام و بابولهەوا.
باسنيوز
