بەڕێوەبەری ئێف بی ئای: چین هەوڵی دزینی لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی کۆرۆنا دەدات
کریستۆفەر واری، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 7-7-2020 لە گوتارێکیدا بۆ پەیمانگای هودسن لە واشنتن دەڵێت، هەموو 10 کاژێر جارێک لەلایەن چینەوە هێرشی ئەلکترۆنییان دەکرێتەسەر و "تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار جار لەلایەن چینەوە هەوڵی دزین و هاککردنی پێگەکانمان دراوە".
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندجارێک هێرشی کردووەتە سەر چین و پێیوایە، "ئەگەر چین زووتر هۆشداری بدایەتە جیهان ، نەخۆشییەکە ئاسانتر کۆنترۆڵدەکرا".
رۆژی سێشەممە 7-7-2020 ئیدارەی ترەمپ، کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە کە ئەمریکا بەفەرمی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کشاوەتەوە، چونکە پێیوایە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هاوکاریی زیاتری رێکخراوەکە دەکات، "بەڵام چین دەستی بەسەر رێکخراوی تەندروستیی جیهاندا گرتووە". بڕیاری کشانەوەکەش لە 6ـی تەممووزی 2021 جێبەجێدەکرێت.
بەڕێوەبەری FBI ئاماژە بە پرۆگرامێک دەدات کە لەلایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بەڕێوەدەبرێت بەناوی "راوکردنی رێوی" و پێیوایە ئەو پرۆگرامە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. واری دەڵێت، حکومەتی چین هەڕەشە لە لێکۆڵەر و زانا چینییەکان دەکات کە لە دەرەوەی چین دەژین و ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. "ئەگەر نەیانەوێت بگەڕێنەوە کەسێک دەنێرێتە لای کەسوکاریان و پەیامێکیان پێ رادەگەیێنێت: یان بگەڕێنەوە چین یان خۆتان بکوژن".
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند ئەو کەسانەی دەیانەوێت تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکان لەسەر مۆبایلەکانیان داونڵۆد بکەن، دەبێت ئاگاداربن کە زانیارییە تاکەکەسییەکانیان دەکەوێتە دەست پارتی کۆمۆنیستی چین. بۆیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەیانەوێت تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک لە وڵاتەکەیان قەدەخەبکەن. بەڵام تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک رەتیکردووەتەوە کە زانیاریی بەکاربەران لە چین هەڵبگیرێت و بەمەبەستی دیکە بەکاربهێنرێت.
پێشتریش هیندستان دوای گرژییەکانی لەگەڵ چین بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی لە وڵاتەکەی قەدەخەکرد و نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیانی ماددی گەیاندە کۆمپانیاکە.
رووداو
