مانگی رابردوو لە ئەمریکا یەک ملیۆن و 500 هەزار دەمانچە فرۆشراوە
راپۆرتێکی کۆمپانیای سمال ئارمز ئانالیتیکس ئاند فۆرکاستینگ، کە تایبەتە بە توێژینەوە و شیکردنەوەی داتاکان، ئاشکرایکردووە لە ماوەی مانگی رابردوودا رێژەی کڕینی چەک 145.3٪ زیادی کردووە، ئەمەش بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019.
کۆمپانیاکە، فۆکەس دەخاتە سەر ژمارەی تایبەت بە فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییەکان لە ئەمریکادا و لە راپۆرتەکەی ئەمجارەیدا، تیشکی خستووەتە سەر فرۆشتنی چەکی بچووکی وەک دەمانچە و تفەنگ.
راپۆرتەکە پشتی بەو زانیارییانە بەستووە، کە سیستمی چاودێری تاوانکاریی خێرای سەر بە نووسینگەی لێکۆڵێنەوەی فیدراڵی (FBI) بڵاویان دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەداوە تەنیا لە مانگی رابردوودا دوو ملیۆن و 387 هەزار و 524 پارچەی جیاوازی چەک فرۆشراون.
راپۆرتەکە دەڵێ: فرۆشتنی چەکی بچووک لە مانگی حوزەیراندا، بەرێژەی 145.3٪ زیادیکردووە، بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.
روونیکردووەتەوە لەو چەکانەی فرۆشراون ملیۆنێک و 511 هەزار و 714 دەمانچە بوون و 690 هەزار و 212 دانەش ئەو جۆرەی چەک بوون کە لوولەی درێژیان هەیە.
بەپێی داتاکانی ئەو راپۆرتە، فرۆشتنی دەمانچە بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 177٪ بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا فرۆشی چەکە لوولەدرێژەکان 114٪ داخوازی لەسەریان زیادیکردووە.
هەمان راپۆرت ئاماژەی بەوەداوە، کە فرۆشی چەک لە مانگەکانی مارس، نیسان، ئایاردا بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 79٪ بەخۆوە بینیوە، بەبەراورد بەهەمان مانگەکانی ساڵی پێشوو.
کوشتنی جۆرج فلۆیدی رەشپێست لە ئایاری رابردوو لەسەردەستی پۆلیس، بووە هۆکاری بەرپابوونی ناڕەزایەتیی تووند و کەوتنەوەی تووندوتیژی لە چەندین ویلایەت، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر زیادبوونی فرۆشی چەک لەو وڵاتەدا هەبوو.
رووداو
