حەسەن نەسروڵڵا : لارییمان نییە لەوەی ئەمریکا هاوکارییمان بکات و پێشوازیی لێدەکەين و سوپاسی دەكەین
ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیەنێت، کە لارییان نییە لەوەی ئەمریکا هاوکارییان بکات و پێشوازیی لێدەکەن.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاندووە، هەر وڵاتێک ”جگە لە ئیسرائیل“ هاوکاریی لوبنان بکات بە دانانی پارە لە بانکەکانی یان بە قەرز پێدان، ئەوان قبوڵی دەکەن.
حەسەن نەسروڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، رووکردنیان لە بەرەی رۆژهەڵات بەو مانەیە نایەت، کە پشتیان لە بەرەی رۆژئاوا کردووە و لارییان نییە لەوەی لوبنان هاوکاری لە ئەمریکا وەربگرێت.
ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەوان نایانەوێ لوبنان بکەنە وڵاتێکی هاوشێوەی ئێران، ”تەنیا داوای هاوکاریمان لە ئێران کردووە“.
حەسەن نەسروڵڵا ئاشکراشی کردووە، کە عێراق ”هەڵێکی زۆر گەورەی کراوەیە بۆ لوبنان“.
پێشتر رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی بڵاوی کردبووەوە، کە بەهۆی پێدانی نەوت بە لوبنان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە، قەیرانێکی دیکە لە عێراق دروست دەبێت و لەکاتێکدا عێراق خۆی لە قەیراندایە، نابێت هاوکاریی لوبنان بکات.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردبووەوە، کە لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر بانگهێشتکردنی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی وڵاتەکەی، بۆ پەرلەمان.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردبووەوە، ئیحسان عەبدولجەبار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان رێککەوتووە لەسەر پێدانی نەوتی رەشی عێراقی لەبەرامبەر وەرگرتنی کەلوپەلی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
لایەن و کەسایەتییە سیاسییە عێراقییەکان پێیانوایە پێدانی نەوت بە حکوومەتی لوبنان جۆرێکە لە هاوکاری بۆ حکوومەتی ئەو وڵاتە، کە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی و ئابووری بووە.
باسنیوووو
