چارەسەرکراوانی کۆرۆنا لە تورکیا لە 24 کاژێری رابردوودا دوو هێندەی تووشبووانن

چارەسەرکراوانی کۆرۆنا لە تورکیا لە 24 کاژێری رابردوودا دوو هێندەی تووشبووانن
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 50 هەزار و 545 پشکنین ئەنجامدراون؛ هەزار و 53 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون و 19 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا خستوونیەتەڕوو، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە پێنج هەزار و 260 کەس، ژمارەی تووشبووانی تۆمارکراویش بۆ 207 هەزار و 897 کەس بەرزبووەتەوە، هەزار و 152 تووشبووی کۆرۆناش لەژێر چاودێریی چڕدان.

هەر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا دوو هەزار و 297 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، کۆی گشتیی ئەو تووشبووانەش کە چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 185 هەزار و 292 کە لە باکووری کوردستان و تورکیادا.

لەکاتێکدا حکومەتی تورکیا هەنگاوی بەرەو ئاساییبوونەوە ناوە، دووبارە ژمارەی تووشبووان رووی لە بەرزبوونەوە کرد و ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی کاتی ئاساییبوونەوە و تووندکردنەوەی رێوشوێنەکان لەو وڵاتەدا.

ئێستا لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیادا چوونەدەرەوە بەبێ ماسک قەدەخەیە و سەرپێچیکار سزای ماددی دەدرێت.







رووداو
Top