ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: کوشتنی سولەیمانی لە چوارچێوەی بەئامانجکردنی تیرۆریستان بوو
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەکداری کردووە، کوشتنی ئەو خزمەتی بە سەقامگیریی ناوچەکە کردووە و دەستی ئێرانیشی لە ناجێگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە کورتتر کرد.
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت دەشڵێت، کوشتنی قاسم سولەیمانی "لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی بەئامانجکردنی تیرۆریستان بووە لە جیهاندا".
لێدوانەکانی بەرپرسە ئەمریکییەکە لە وەڵامی ئەگنیس کالامارد، بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە دۆسێکانی لەسێدارەدان و کوشتن لە دەرەوەی یاسا دێت کە رایگەیاندبوو، "کوشتنی قاسم سولەیمانی نایاساییە".
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، سولەیمانی بەرپرس بووە لە هێرشەکانی سەر سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها پلانی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە ئامادەکردبوو.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە ئەنجامی هێرشی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە پاسەوانانیان کوژران.
رووداو
