ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 1400 کەس
زانکۆی پزیشکیی سنە رایگەیاند، 9 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گەیشتووەتە 334 کەس؛ هەروەها لە دووشەممەوە 404 کەس بە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە خەوێنراون.
لە پارێزگای کرماشان، شەش کەس لە شاری کرماشان و سێ کەس لە شارەکانی ئیسلاماوا، هەرسین و سەحنە گیانیان لەدەستدا و ژمارەی مردووانی کۆرۆنا بۆ 332 کەس بەرزبووەتەوە.
لە ئیلامیش هاونیشتمانییەکی دیکەی تووشبوو بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و 156 کەیسی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون. تاوەکو ئێستا لەو پارێزگایە سێ هەزار و 740 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، کە 111 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 66 کەسیش چاکبوونەتەوە.
تاوەکو نیوەشەوی یەکشەممە، لە پارێزگای ورمێش 515 کەس گیانیان لەدەستداوە و 815 کەسیش لەو پارێزگایە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا خەوێندراون. هەروەها تاوەکو دووشەممەی رابردوو، لە لۆڕستانیش 129 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و لەوکاتەشەوە ئاماری قوربانیانی ئەو پارێزگایە بڵاونەکراوەتەوە.
لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان، ئێران لە پلەی 10 دێت کە 245 هەزار و 688 تووشبووی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 12 هەزار تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 207 هەزار تووشبووش چاکبوونەتەوە.
رووداو
