ئوسترالیا دووەم گەورەترین شاری کەرەنتین دەکات

ئوسترالیا دووەم گەورەترین شاری کەرەنتین دەکات
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئوسترالیا، حکومەتی وڵاتەکە بڕیاریدا بە کەرەنتینکردنی شاری مێڵبۆرن کە دووەم گەورەترین شاری ئوسترالیایە، بەوەش پێنج ملیۆن کەس لەو شارە دەبێت بچنەوە ماڵەکانیان.

دانیاڵ ئێندرۆز، سەرۆکی حکومەتی خۆجێی ویلایەتی ڤیکتۆریا رایگەیاند، لەدوای تووشبوونی 191 کەس بە کۆرۆنا لە ماوەی 24 کاژێردا، ئیدی ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە "قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی هاتووە".

بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە و هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لە کەرەنتینکردنی شاری مێڵبۆرنیان بەدەستەوە نەماوە. بە گوتەی راینا ماکینتیر، پرۆفیسۆری زانکۆی New South Wales، "کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە ئەمجارە قورستر دەبێت، بەوەی خەڵکی هاتووچۆ دەکەن و نازانن سەرچاوەی تووشبوونەکە لە کوێیە. بەپێچەوانەی مانگی ئادار کە لەو کەسانەبوو لە دەرەوەی وڵات دەگەڕانەوە".

بڕیاری کەرەنتینکردنی مێڵبۆرن لە کاژێر 12:00ـی بەرەبەیانی چوارشەممە، 8-7-2020 بەکاتی ئوسترالیا (کاژێر 17:00ـی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان) دەستپێدەکات و بۆ شەش هەفتە بەردەوام دەبێت. میڵبۆرن دەکەوێتە ویلایەتی ڤیکتۆریا لە باشووری ئەو وڵاتە. ئوسترالیا هەموو ویلایەتی ڤیکتۆریا لە بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دادەبڕدرێت.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار و 800 کەس تووشی کۆرۆنا بوون لەنێوانیاندا 106 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی حەوت هەزار و 500 کەسیش چاکبوونەتەوە.

لەسەر ئاستی جیهان، ژمارەی تووشبووان لە 12 ملیۆن کەس نزیکبووەتەوە و نزیکەی 550 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لەکاتێكدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا بەدەست شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەناڵێنێت، زیاتر لە سێ ملیۆن تووشبوو و نزیکەی 134 هەزار گیانلەدەستدانی تۆمارکردووە.

بەشێک لە زانایانی پزیشکی هۆشداری لە سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەم بەهێزتر لە یەکەم دەدەن، ئاماژەش بە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە وڵاتانی وەک هیندستان و بەرازیل دەدەن.

هاوکات 239 لە زانایانی نێودەوڵەتی لە بواری نەخۆشییە گوازراوەکان داوایان لە حکومەتەکانی وڵاتەکانیان و رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی کردووە دانبەوەدا بنێن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆڤید-19 توانای گواستنەوەی لەڕێگەی هەواوە هەیە.






رووداو
Top