رووسیا ئەنجامی سەرەتایی بەکارهێنانی پێکوتەیەکی دژەکۆرۆنا ئاشکرا دەکات
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەنجامی سەرەتایی بەکارهێنانی پێکوتەیەکی دژەکۆرۆنا ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2020، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، دوو هەفتە بەسەر پێدانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا لەسەر ژمارەیەک خۆبەخش تێپەڕیوە و تا ئێستا بارودۆخیان باشە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی پێکوتەکە لەسەر جەستەیان دەرنەکەوتووە.
پێکوتەکە لە نەخۆشخانەی پۆردینکۆی سەربازی لە مۆسکۆی پایتەخت لەسەر خۆبەخشەکان تاقی کراوەتەوە و سڤیتلانا ڤۆلشیخینا، توێژەری پزیشکیی سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە لەو نەخۆشخانەیە بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دوو هەفتەی دیکە لەبەردەم تاقیکردنەوەکە ماوە.
ئەو پسپۆڕە پزیشکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خوێنی خۆبەخشەکان بۆ زانینی گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی بەرگرییان وەرگیراوە و هەفتەیکی دیکەش بڕی دووەمی پێکوتەکەیان پێدەدرێت، بۆ زیاتر بەهێزبوونی بەرگریی جەستەیان.
زانایانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە هەماهنگیی لەگەڵ سەنتەرێکی زانستی پەتاکان، پێکوتەکەیان بەرهەم هێناوە و رۆژی 16-6-2020یش وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە رێگای بە بەکارهێنانی پێکوتەکە دا و رۆژی 18-6-2020، پێکوتەکە درایە 18 تووشبووی خۆبەخشی پەتای کۆرۆنا.
باسنیوز
