ئیمارات مانگای هۆڵەندی دەکڕێت

ئیمارات مانگای هۆڵەندی دەکڕێت
لە چوارچێوەی پلانێک بۆ پتەوکردنی ئاسایشی خۆراک، ئیمارات چوار هەزار و 200 مانگای هۆڵەندی لە ئۆرۆگوای دەکڕێت.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان کێشەی تێبکەوێت و ئیمارات وەک هەوڵێک بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان روودەکاتە کڕینی مانگای هۆڵشتاینی هۆڵەندی.

ئاژانسی هەواڵی ئیمارات رایگەیاند، یەکەم قۆناخی هێنانی مانگای هۆڵەندی بۆ ئیمارات دەستیپێکردووە و هاوردەکردنی مانگای هۆڵەندی بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

مریەم ماهیری وەزیری دەوڵەت بۆ ئاسایشی خۆراک رایگەیاند، ئەوە لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ناوخۆدا هەنگاوێکی نایابە.

وڵاتانی کەنداو لەبەر کەشوهەوای تایبەتیان زۆر پەیوەستی بەرهەمی هاوردەکراوی شیرەمەنی و ماددە خۆراکییەکانی دیکەن. بەڵام ئێستا بە هاوردەکردنی ئاژەڵ و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆیان، دەیانەوێت لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان پشت بەخۆیان ببەستن.






رووداو
Top