شوێنەواری ئایا سۆفیای ئیستەنبۆڵ كێشە دەخاتە نێوان توركیا و رووسیا
ئەمڕۆ دووشەممە دیمیتری بیسكۆڤ گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی كرملین لە مۆسكۆوە رایگەیاند كە "ئایا سۆفیا" پێگەیەكی شوێنەواری كولتووری جیهانیە، بێگومان شوێنێكی دڵگیرە بۆ تەواوی گەشتیاران لە جیهاندا، بەڵام بۆ رووسیاییەكان شوێنێكی رۆحی و پیرۆز و زۆر گرنگە.
بیسكۆڤ گوتی "هیوادارین هاوكاران و هاوبەشەكانمان لە توركیا ئەمە لەبەرچاو بگرن".
لای خۆیەوە سێرگی ڤێرشینین وەزیری دەرەوەی رووسیاش رایگەیاندووە كە ئەوان هەڵوێستی خۆیان ناشارنەوە و پێیانوایە دەبێ لایەنی توركیا هەڵوێستی رووسیا لەبەرچاو بگرێت لەبارەی گۆڕینی ئایا سۆفیا بە مزگەوت، ئەم شوێنە گرنگییەكی جیهانی هەیە.
جێی باسە رۆژی دووی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی دەوڵەتی توركیا لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ ماوەی 17 خولەك پرسی گۆڕینی شوێنەواری ئایا سۆفیای كریستیانەكانی بۆ مزگەوت تاوتوێ كردبوو، بڕیاری دابوو لە ماوەی دوو هەفتەدا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەربكەن.
شوێنەوار و مۆزەخانەی ئایا سۆفیا كە پێشتر كاتیدرای كریستیانەكان بووە، یەكێك لە ناودارترین ئادگارەكانی بیناسازی بێزەنتیە لە مێژوودا، لە نێوان ساڵانی 532 و 537ی زاینیدا بە فەرمانی ئیمپراتۆر جەستنیان بە بۆنەی سەركەوتنی قوستەنتینیەی ئەوسا بنیات نراوە.
باسنيوز
