حکوومەتی لیبیا: ئیمارات هێزەکانی تورکیای لە بنکەی ئەلوەتییە بۆردومان کرد

حکوومەتی لیبیا: ئیمارات هێزەکانی تورکیای لە بنکەی ئەلوەتییە بۆردومان کرد
بەرپرسێکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا ئیمارات بە بۆردومانکردنی بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەلوەتییە لە لیبیا، تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2020، عەبدولمالیک ئەلمەدەنی، گوتەبێژی جەنگیی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی لیبیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەلوەتییە بە فڕۆکەی جۆری میراج 9-2000 بۆردومان کراوە.

عەبدولمالیک ئەلمەدەنی هەروەها رایگەیاندووە، زانیارییان پێگەیشتووە، کە ئەو فڕۆکانە فڕۆکەی سوپای ئیمارات بوون و لە بنکەی ئاسمانیی بەڕانی لە میسر، بۆ بۆردومانکردنی بنکەی لەوەتییە، فڕیون.

رۆژی یەکشەممە 5-7-2020، سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هۆک و سیستەمی تەشویشی کۆرالیان لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەلوەتییە لە باشووری رۆژئاوای تەڕابلوس، بە نۆ هێرشی ئاسمانی، تێک شکاندووە.

تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بەڕێوە دەبرێت بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.













باسنيوز



Top