ئیسرائیل مانگێکی دەستکردی تایبەت بە سیخوڕیکردن رەوانەی ئاسمان دەکات
ئیسرائیل مانگێکی دەستکردی رەوانەی ئاسمان کرد، کە تایبەتە بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی، بە ئاستێکی بەرز دەتوانێت زانیاری هەواڵگیری سەربازی بگوازێتەوە.
ئیسرائیل مانگی دەستکردی بەناوی "Ofek 16" رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، کە لەناوخۆی ئەو وڵاتە پەرەی پێدراوە
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە ئیسرائیل مانگی دەستکردی بەناوی "Ofek 16" رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، کە لەناوخۆی ئەو وڵاتە پەرەی پێدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمپانیای پیشەسازییە گەردونییەکانی ئیسرائیل (ISRAI.UL)، بەڵێندەری سەرەکی پڕۆژەی دروستکردنی ئەو مانگە دەستکردە بوە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بواری بەرگری ئیسرائیلەوە ئامادەکراوە.
بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی تواناکانی وڵاتەکە، بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی ریزەکانیان لە هەمو شوێنێکی جیهان
لەوبارەیەوە بینی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی تواناکانی وڵاتەکە، بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی ریزەکانیان لە هەمو شوێنێکی جیهان".
رونیشیکردەوە، مانگە دەستکردەکە لە جۆری "electro-optical"ی خاوەن توانای پێشکەوتوە، هەفتەیەکی دیکە یەکەمین وێنەی خۆی رەوانەی وڵاتەکەی دەکات.
لە ئێستادا ئیسرائیل کاردەکات بۆ پەرەپێدانی توانا هەواڵگیرییەکانی وڵاتەکە، بەمەبەستی چاوێریکردنی دژبەرانی وڵاتەکە، لەنێوانیشیاندا ئێران، کە بە بڕوای ئیسرائیل پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی تاران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر وڵاتەکەی.
خەندان-
