تەندروستیی جیهانی روونکردنەوە لەسەر دەرمانێک بۆ کۆرۆنا دەدات

تەندروستیی جیهانی روونکردنەوە لەسەر دەرمانێک بۆ کۆرۆنا دەدات


ریکخراوی تەندروستیی جیهانی روونکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێک بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا، دەدات.

سۆمیا سوامیناتان، بەرپرسێکی باڵای رێکخراوەکە بە ئاژانسی (سپۆتنیک)ی راگەیاندووە، تا ئێستا لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەی دەرمانی رێمدیسڤیر (remdesivir)دان و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، دەست بە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

سۆمیا سوامیناتان هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەرچی تا ئێستا ئەو دەرمانە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی مردنی تووشبووانی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام دەتوانن رێنمایی بدەنە وڵاتان، کە دەرمانەکە لەکاتی پێویست و فریاگوزاری، بدەنە نەخۆشەکان.

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەکان لەسەر دەرمانی رێمدیسڤیر، لێژنەیەکی پسپۆڕ بڕیار لەبارەی درمانەکەوە دەدات.

پێشتر رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، کۆتایی بە تاقیکردنەوەکانی هەردوو دەرمانی (هایدرۆکسی کلۆرۆکوین) و (لۆپیناڤیر/ ریتۆناڤیر) هێناوە، چونکە دەرکەوتووە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی مردووانی کۆرۆنا نەبووە.








باسنیوز
Top