ئێران: لە کەناراوەکانی کەنداو چەندین بنکەی موشەکیمان لەژێر زەوی دامەزراندوە
فەرماندەی هێزە دەریایەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین بنکەی موشەکی لەژێر زەوی کەناراوەکانی ناوچەی کەنداو دامەزراندوە، هۆشداریشیدا، "ئەو بنکانە وەک خەونێکی ناخۆش دەبێت بۆ دوژمنانی ئێران".
ئێران چەندین بنکەی موشەکی دەریایی و زەمینی لە کەناراوەکانی ناوچەی کەنداو دەریای عومان دروستکردوە
ئەدمیراڵ عەلی رەزا تەنکەسەری، فەرماندەی هێزە دەریایەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "صبح الصادق"ی هەفتانە رایاگەیاند، "وڵاتەکەی چەندین بنکەی موشەکی دەریایی و زەمینی لە کەناراوەکانی ناوچەی کەنداو دەریای عومان دروستکردوە، کە وێنەی خەونێکی ناخۆشە بۆ دوژمنانی ئێران".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شارە موشەکیانەی کە لە ژێر زەوی بنیاتنراون، چەندین ئامێر جۆراوجۆری بواری بەرگری تیادایە، لە کاتی گونجاویشدا نمایش دەکرێن.
فەرماندەی هێزە دەریایەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رونیشیکردەوە، "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا زانیاری هەیە لەبارەی بونی ئەو شارە موشەکیانە، بەڵام زانیاری وردی دەربارەیان نییە".
ئێران لەو شوێنانەی کە ئەمریکا بە خەیاڵیشیدا نایەت بونی هەیە
وتیشی، "ئێران لە سەرجەم ناوچەکانی کەنداو و دەریای عومان و تەنانەت ئەو شوێنانەی کە ئەمریکا بە خەیاڵیشیدا نایەت بونی هەیە، بەردەوام چاودێری سەرجەم ئەو کەشتیانە دەکەین کە دێتە ناو گەروی هورمز تا ئەو کاتەی تێی دەپەڕێنێت".
خەندان-
