کوژرانی گۆرانیبێژێکی میللی دۆخی ئەسیوپیا دەشێوێنێت

کوژرانی گۆرانیبێژێکی میللی دۆخی ئەسیوپیا دەشێوێنێت
کوژرانی گۆرانیبێژێکی میللی لە ئەسیوپیا کێشەیەکی گەورەی لەو وڵاتەدا دروستکردووە و تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی 166 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.

پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاند، خۆپیشاندانی پڕ توندوتیژی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی وڵات روویانداوە، پاش ئەوەی کەسانی نەناسراو تەقەیان لە هاشالۆ هۆندیسای گۆرانیبێژی میللی کرد، کە سەر بە نەتەوەی ئۆرۆمۆیە (زۆرینەی دانیشتووانی ئەسیوپیا سەر بەو نەتەوەیەن) و کوشتیان.

گیرما گیلامی یاریدەدەری رێپێدراوی پۆلیسی ناوچەی ئۆرۆمیا رایگەیاند، 145 سڤیل و 11 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش لە پشێوییەکانی ناوچەکەدا کوژراون، پاشئەوەی خۆپیشاندان دژی کوشتنی هاشالۆ دەستیپێکرد.

دەستەی ڤانای تایبەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، رایگەیاند لە ئەدیس ئابابای پایتەخت 10 کەس کوژراون.

گیرما زیاتر روونیکردەوە 167 کەسی دیکە برینداربوون و 1084 کەسیش دەستگیرکراون.

بەرپرسانی پۆلیسی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، ئەوەی روویداوە بەهۆی بەکارهێنانی هێزەوە بووە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، لەگەڵ کاری تووندوتیژی و تایفی لە ناوچە جیاوازەکاندا. گیرما ئەوەشی ئاشکراکرد، رووداوەکانی توندوتیژی ئێستا بەتەواوی کۆتاییان پێهاتووە.

دەنگ و گۆرانییەکانی هاشۆلۆ بە دەنگی کەسانی پەراوێزخراوی ئۆرمۆ دادەنرا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، ئەمەش لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کە خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت لێکەوتەوە و بەهۆیەوە بابیی ئەحمەدی وەک سەرۆکوەزیران گەیاندە دەسەڵات لە 2018ەوە.

ساڵی 2018 ئەسیوپیا ناڕەزایەتی خوێناوی بەخۆوە بینی لەسەر پاشکۆیەتی ئەدیس ئابابا و ئەوە بووە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و دەستنیشانکردنی بابیی ئەحمەد بەسەرۆکوەزیرانی نوێ.

رۆژنامەی گاردیان دەڵی رووداوەکانی ئەم هەفتەیە، رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی ئێستا دەکات، کە دەیەوێت گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و ئابووری وڵاتدا بکات.

زۆر کەس هەوڵەکانی بابی ئەحمەد بەرز دەنرخێنن، بۆ چاکسازی لە سیستمی سیاسی وڵات کە وایکردووە، رادەی سەرکوتکارییەکانی حکوومەت بۆ سەر ژیانی خەڵک کەمتر ببێتەوە.






رووداو
Top