سعودیە و کوێت لە کێڵگە هاوبەشەکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی کەنداوی کوێت رایگەیاند، لەگەڵ سعودیە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە گەورە کێڵەی نەوتی ''خافجی" لەسەر سنووری سعودیە و کوێت و لە توویتەری فەرمی کۆمپانیا کوێتییەکەش پیرۆزبایی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهیێنانی نەوت لەو کێڵگەیە کراوە.
لە ساڵی 2018 سعودیە و کوێت دەستیان بە گفتۆگۆ کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە هەردوو کێڵگەی خافجی و وافرا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 نەوت بەرهەمبهێنن، بەڵام لە مانگی ئایاردا میدیای کوێت بڵاویکردەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی خافجی بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی جیهانیدا هەڵپەسێردراوە.
هەواڵی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیش لەو دوو کێڵگەیە بەلای شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوتەوە جێگەی سەرسووڕمانە، لە کاتێکدا رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب درێژکراوەتەوە و سعودیە و کوێتیش دەبێت پێکەوە زیاتر لە 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان کەمبکەنەوە.
رووداو
