ئەمریکا دو کەشتی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی شوێنی مانۆڕە سەربازییەکانی چین دەکات
واشنتن دو کەشتی فڕۆکەهەڵگری رەوانەی دەریای چینی باشور کردوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەندین مەشق و ئەرکی سەربازی
رۆژنامەی Wall Street Journal-ی ئەمریکی لە زاری ئەدمیراڵ جۆرج و یکۆڤ، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە رایگەیاند، دو کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Nimitz و USS Ronald Reagan رەوانەی دەریای چینی باشور کردوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەندین مەشق و ئەرکی سەربازی بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایشی زەریای هیندی و هێمن.
ئەمریکا دژایەتی دروستکردنی هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی لەلایەن پەکینەوە لە ناوچەکە دەکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، مەبەست لەو هەنگاوە ئاڕاستەکردنی پەیامێکی رونە بۆ چین، ئەوەش ناڕەزایەتی ئەمریکایە بەرامبەر دروستکردنی هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی لەلایەن پەکینەوە لە ناوچەکە.
هەفتەی رابردو چین رایگەیاند، لە یەکی تەموزەوە دەست دەکات بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەنزیک دورگەی پاراسێڵ، کە هەریەک لە چین و ڤێتنام داوای سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن تیایدا.
دوێنێ هەینی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئیدانەی ئەو هەنگاوەی چینی کردو بە هۆکاری ئاڵۆزکردنی ناوچەکە ناویبرد، لەبەرامبەردا پەکین ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
ساڵانێکە لەبارەی سنورە ئاویەکانی دەریای چینی باشور، چەندین وڵاتی وەک چین، ڤێتنام، فلیپین، تایوان و مالیزیا ناکۆکن، بەڵام بەم دوایانە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هێندەی دیکە زیادیکردوە، لەبارەی هۆکاری ئاڵۆزییەکانەوە هەریەک لە ئەمریکا و چین یەکتری تۆمەتبار دەکەن.
خەندان-
