وەزیری بەرگریی توركیا: رێگا نادەین هیچ لایەنێک لیبیا داگیر بکات

وەزیری بەرگریی توركیا: رێگا نادەین هیچ لایەنێک لیبیا داگیر بکات


وەزیری بەرگریی توركیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا و رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگا نادات هیچ لایەنێک لیبیا داگیر بکات.

خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا، بەسەرۆکایەتیی شاندێكی سەربازیی وڵاتەکەی سەردانی تەرابلوسی كرد و لەگەڵ فایز سەراج سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا کۆ بووەوە.

ماڵپەری (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاكار لەو سەردانەیدا، کە رۆژی هەینی 3-7-2020 ئەنجامی دا، چەند گرێبەستێكی سەربازی لەگەڵ سەراجدا واژۆ کردووە، بەڵام ناوەڕۆکی گرێبەستەكانی ئاشکرا نەکردووە.

ئەو ماڵپەڕە لەسەر زاری ئاكار بڵاوی كردووەتەوە، كە بە سەراجی گوتووە لیبیا بۆ لیبییەكانە و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەركۆماری توركیاش لەو ڕووەوە زۆر جیدی و دڵسۆزانە كار دەكات بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك نەتوانێت لیبیا ”داگیر بكات“.

وەزیری بەرگریی تورکیا بەڵێنی هاوکاریی زیاتری بە حکوومەتی لیبیا داوە و رایگەیاندووە، ”ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ لیبیای دەكەین، بەڵێنیش دەدەین لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لیبیا لەو نەهامەتییە رزگار بكەین“.

تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بەڕێوە دەبرێت بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.









باسنیوز
Top