لە ناڕەزاییەکانی ئەسیوپیا 50 کەس بوونە قوربانی

لە ناڕەزاییەکانی ئەسیوپیا 50 کەس بوونە قوربانی
بەپێی زانیاریی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی کوژرانی گۆرانیبێژێکی ناودار خۆپیشاندانە ناڕەزایی لە ناوچەی ئۆرۆمیای ئەسیوپیا ڕووی داوە و تێیدا لانیکەم 50 کەس لە گیانیان لەدەست داوە.

جیتاشۆ بالشای گوتەبێژی حکوومەتی ئەسیۆپیا رای گەیاندووە لەناو کوژراوەکاندا خەڵکی خۆپیشاندەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاساییش هەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە چەند کۆمپانیایەک سووتێندراون.

پۆلیسی ئەسیوبیا رای گەیاندووە رۆژی سێشەممە سێ بۆمب لە پایتەخت تەقینەوە، بەڵام ئەوەی نەدرکاند، کە ئایا کەس لەو تەقینانەوە بووەتە قوربانی یان نا.

بالشا لەمبارەوە بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) روونی کردەوە و گوتی: "خۆمان بۆ ئەمە ئامادە نەکردبوو".

وا چاوەڕوان دەکرێ رۆژی پێنجشەمە تەرمی گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەسیۆپی (هاشالۆ هۆندیسا) لە شوێنی لەدایکبوونی لە (بەلەدبۆ ئەمبۆ) لە ناوچەی ئورۆمیا بە خاک بسپێردرێت.

ئەبی ئەحمەد، سەرۆکوەزیرانی ئەسیۆپیا رای گەیاند، کە "هەندێ کەس لە پێکدادانەکان کوژراون، کە لە دوای کوشتنی گۆرانیبێژێک لەم هەفتەیەدا روویان دا".

ئێوارەی رۆژی سێشەمە، ئادیس ئابابا، پایتەختی ئەسیوپیا دوای کوژرانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ (هاشالۆ هۆندیسا) ناڕەزایی توندی بەخۆیەوە بینی کە رۆژی دووشەمە بە گوللە کوژرابوو.

بەگوێرەی ئاژانسی (ئەسیوشیەیتێدپرێس)، هاشالۆ کەسێکی دیاری ناو ناڕەزایەتییەکان بوو دژ بە حکوومەت، کە بووە هۆی گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتی لە ساڵی 2018 و وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران لەلایەن (ئەبی ئەحمەد)ەوە.

ئەبی ئەحمەد رووداوی کوشتنی هاشالۆی بە “کارەساتبار" ناو برد، بەڵێنیشی دا کە بکوژان بە دادگا بگەیەنێت.

ئەبی ئەحمەد گوتیشی: "دوژمنەکانمان سەرکەوتوو نابن"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات، کە مەبەستی لە دوژمنەکان کێیە.

لە ماوەی رابردوودا خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت جارێکی تر لە ئەسیوپیا پچڕا، پشێوییەکانیش دوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن حکوومەتەوە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید- 19 بەردەوام بوو.

لە رووبەڕوونەوەکانی پێشووتردا، کە بووە هۆی کوژرانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ هاشالۆ، ئەفسەرێکی پۆلیسیش لە ئەدیس ئەبابا کوژرا، دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پاسەوانانی کەسی دیاری راگەیاندن جەوهەر محەمەد، کە لەگەڵ 35 کەسی دیکەدا لە خۆپیشاندنەکانی ئەم دواییە دەستگیر کرا.













باسنيوز



Top