دەنگدانی رووسییەکان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسیی پوتین کۆتایی دێت

دەنگدانی رووسییەکان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسیی پوتین کۆتایی دێت


دەنگدانی هاووڵاتییانی کۆماری رووسیای فیدراڵ لەسەر هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان، کە تەمەنی سیاسیی سەرۆکی ئێستای وڵات درێژ دەکاتەوە، کۆتایی دێت.

رۆژی 25-6-2020، دەنگدانی هاووڵاتییانی رووسیا بە هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان دەستی پێکرد و تا حەوت رۆژ (تا ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2020)، بەردەوامە.

کاتژمێر 8ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری رووسیا بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە و بڕیارە کاتژمێر 8ـی شەو، دابخرێن.

هەمواری دەستوور، کە چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکە، ئەگەر زیاتر لە %50ـی هاووڵاتییان بە رازی بوون دەنگیان پێدابوو، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەمواری دەستوورەکە، ئەو ماوەیەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بووە دەسڕدرێتەوە و دەتوانێ بۆ دوو خولی دیکەی لەسەر یەک (هەر خولێک شەش ساڵە)، سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بکاتەوە.

پوتین، کە لە ساڵی 1952 لە شاری لینینگراد لەدایک بووە، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بۆریس یەڵسن لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتایی مانگی 12ـی ساڵی 1999، بە دوو شێواز سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست.

- لە ساڵەکانی 2000 تا 2008 (دوو خول)، سەرۆک کۆماری رووسیا بوو.

- لە ساڵی 2008 تا 2012 دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆکی رووسیا بوو و پوتین بە هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی رووسیاوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو.

- لە ساڵی 2012 و دواتریش لە ساڵی 2018 بە سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە و تا ساڵی 2024 سەرۆکی وڵاتە.

- بە پەسەندکردنی ئەو هەموارە لەلایەن گەلی رووسیاوە، پوتین دەتوانێ تا ساڵی 2036 سەرۆکایەتیی رووسیا بکات.











باسنیوز
Top