ئەڵمانیا: پێویستە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەرلین ئاسایی بکرێنەوە
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە بە زوترین کات رێکاری پێویست بگردرێتەبەر بەمەبەستی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا، کە لە ئێستادا لە ئاستی خواستەکانی هەردو وڵاتدا نییە.
بەرلین دەیەوێت کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) تا ئێستاش گرنگە بۆ وڵاتەکە، بەرلین دەیەوێت کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی ئەو پەیوەندیانە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا کە دو وڵاتی ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەئاست خواستەکانی نێوان هەردو وڵات نییە
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا کە دو وڵاتی ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەئاست خواستەکانی نێوان هەردو وڵات نییە، پێویستە لەوبارەیەوە رێکاری پێویست بگیردرێتەبەر.
ماس باسی لەوەشکرد، "نابێت بیر لە دانانی ئەو گریمانەیە بکەینەوە، کە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی لابچێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات بەرەو باشبون دەڕوات، پەیوەندییە هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ پەیوەندی بەو کەسەوە نییە کە دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا".
26ی ئەم مانگە، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پێویستە یەکێتی ئەوروپا خۆی بۆ قۆناغیکی نوێ ئامادەبکات، کە تیایدا ئەمریکا رۆڵی فەرمانڕەوایەتی جیهان نەگێڕێت".
لە سەرەتای ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە، رەخنەی لەو وڵاتەش گرت بەوەی بودجەیەکی کەم لەبواری بەرگری بەکاردەهێنێت، لەپاش ئەو هەنگاوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە روی لە ئاڵۆزبون کرد.
خەندان
