رۆحانی: بەستنی دەمامک لە وڵاتدا دەکرێت بە ئیجباری
ئەمساڵ سەختترین ساڵ بوە بۆ گەلی ئێران و حکومەتەکەی
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، ئەمساڵ سەختترین ساڵ بوە بۆ گەلی ئێران و حکومەتەکەی، بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە فشاری بەردەوامیان دەخرێتەسەر و کۆرۆناش لە وڵاتەکە بڵاوبوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کاتی دروستبونی دوبەرەکی نییە لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن، بەڵکو کاتی ئەوەیە هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەو پارێزگایانەی کە رەوشی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا تیایاندا مەترسیدارە.
لە 15ی تەمموزی ئەمساڵەوە بەستنی دەماماک لەوڵاتدا دەکەن بە ئیجباری
رۆحانی باسی لەوەشکرد، ئەگەری هەیە هەریەک لە پارێزگاکانی وڵاتەکە ببن بە ناوەندێکی نوێ بۆ بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، بۆ رێگریکردن لەوکارەش لە 15ی تەمموزی ئەمساڵەوە بەستنی دەماماک لەوڵاتدا دەکەن بە "ئیجباری".
ئێران لەسەر ئاساتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین زیانی بەهۆی کۆرۆناوە پێگەیشتوە، تا ئێستا 220 هەزار و 180 توشبوی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 10 هەزار و 364 کەس گیانیانلەدەستداوە.
خەندان
