لە ٧ی تەمووز سەرۆکی نوێی پەرلەمانی توركیا هەڵدەبژێردرێت

 لە ٧ی تەمووز سەرۆکی نوێی پەرلەمانی توركیا هەڵدەبژێردرێت
بڕیارە ڕێکەوتی 2020.7.7 پەرلەمانی توركیا دەنگ لەسەر سەرۆكێكی تازە بدات، بە گوێرەی زانیارییەكان سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئاكەپە یەكلایی كراوەتەوە، چونكە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن دەنگی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە دەست بهێنن.

رۆژنامەی (حوریەت)ی تورك بڵاوی كردووەتەوە، ئاكەپە بە فەرمی مستەفا شانتۆپی كاندید كردووە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەمەش دوای ئەوەی بیناڵی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا رەتی كردەوە ببێتە كاندیدی ئاكەپە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

مستەفا شانتۆپ ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی توركیایە، ئاكەپە هیچ كەسێكی تری لە شوێنی دانەناوە و بە باشی زانیوە ئەو لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، هەریەك لە جەهەپە و هەدەپەش كاندیدیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان دەبێت، بەڵام كاندیدی هەردوو پارت ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت، چونكە مەهەپە پشتگیری لە كاندیدی ئاكەپە دەكات و ئەو دوو پارتەش زۆرینەی پەرلەمانن، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئاكەپە یەكلایی بووەتەوە.







باسنیوز
Share
Top