ئەمریکا خەڵاتی زانیاریدان لەسەر خەلیفە نوێیەکەی داعش زیاد دەکات

ئەمریکا خەڵاتی زانیاریدان لەسەر خەلیفە نوێیەکەی داعش زیاد دەکات


ئەمریکا بڕی ئەو خەڵاتەی بۆ پێشکەشکردنی بەو کەسەی زانیاری لە بارەی خەلیفەی نوێی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەدات، زیاد دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی نوێی داعش دەستی هەبووە لە رفاندن، کوشتن و بازرگانیکردن بە کوردانی ئێزدی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، بڕی 10 ملیۆن دۆلاریان وەک خەڵات بۆ ئەو کەس و لایەنە دیاری کردووە، کە زانیاری لەبارەی خەلیفەی نوێی داعشەوە دەدەنە ئەمریکییەکان.

پێشتر لە ناوەڕاستی مانگی 4ـی ئەمساڵ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ زانیاریدان لەبارەی ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشییەوە، دیاری کردبوو.

دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، چەکدارانی داعش ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشییان بە خەلیفە هەڵبژارد. ئەلقوڕەیشی، کە هاوکات نازناوی ئەبو عەبدوڵڵا تورکمانی و ئەبو عەبدوڵڵا قارداشیشی هەیە، خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەرە لە پارێزگای نەینەوا.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.








باسنيوز
Top