ئێران: ئەگەر ئەمریکا بۆ پرسی ڕێککەوتنی ناوکی داوای لێبووردن بکات دانوستان دەکەین

ئێران: ئەگەر ئەمریکا بۆ پرسی ڕێککەوتنی ناوکی داوای لێبووردن بکات دانوستان دەکەین
حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران ئاشکرای کردووە کە ئەگەر بێت و ئەمریکا بەهۆی پاشەکشەی لە ڕێککەوتنی ناوکی داوای لێبووردن بکات و قەرەبووی خەسارەکانی ئێران بکاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئامادەی دانوستانە.

سەرکۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠.٦.٢٤ لە پەراوێزی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بە ئاماژە بە ئامادەیی ئەمدواییانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، ڕای گەیاندووە: "ئێمە چاوەڕێی هیچ شتێک نین و هەردەم ئامادەی دانوستانین".

دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە یەکێک لە کۆبوونەوە و بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو: "بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، چاوەڕێی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا نەبن، چونکە دوایی تێچووی زۆری بۆیان دەبێت".

هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە چەند تویتێکدا هانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکەن.

ئێستاش سەرکۆماری ئێران ئاشکرای کردووە: "هەرکاتێک ئەمریکا ڕای بگەیەنێت کە دەگەڕێتەوە سەر یاسا و ڕێوشوێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڵێت پابەندی بەڵێنەکانی خۆم دەبم و داوای لێبوردن بکات و بڵێن کۆنگرێس و کۆشکی سپیش لەسەر ئەوە سوورن بگەڕێنەوە سەر ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، ئەوکات ئێمەش ئامادەین لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکەین".














باسنيوز




Top