بۆریس جۆنسن: بەشێکی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ههڵدهگرین
هەڵگرتنی بەشێکی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە بەریتانیا لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە یەکێک لە زەرەرمەندترین وڵاتانی ئەوروپا بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆرترین رێژەی مردن بە پەتاکە لەو وڵاتە تۆمارکرا.
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "دەتوانین بڵێین سووڕی متبوونی دوور و درێژی نیشتمانی لە وڵاتەکەمان کۆتایی دێت. جارێکی دیکە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ شەقام و بازاڕەکانمان. بزاوت و جووڵەی بازرگانی دەگەڕێتەوە بەڵام پێویستە ئاگاداربین کە گەڕانەوەی ئەو شەختە و نەخۆشیە لە ھەرکاتێکدا زۆر ئاسانە".
بۆریس جۆنسن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە بەهۆی ئەو پلانانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دایڕشتبوون. سەرەتا جۆنسن کۆرۆنای بە پەتایەکی سووک چوواند و رایگەیاند ئەوان لەڕێگەی تووشبوونی زۆرترین کەس و پەیداکردنی بەرگری بەشێوەیەکی سرووشتی لەدژی ئەو پەتایە، رووبەڕووی دەبنەوە. بەڵام دواتر خۆشی تووشی کۆرۆنا بوو و لە نەخۆشخانە مایەوە، پەتاکەی بە قورسی گرت و تەنانەت پێویستیی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردیش بوو تاوەکو بەتەواوی چاکبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وتارەکەی دوێنێ (سێشەممە، 23-6-2020) هەروەها گوتی "ئێمە باوەڕی تەواومان بە تێگەیشتنی گشتی و رۆحیەتی کۆمەڵگەی بەریتانی ھەیە، کە پابەند دەبن بە رێنماییە تەندروستییەکانی وەک: شۆردنی دەست و دوو مەتر دوورکەوتنەوە لەیەکتر و بەکارنەھێنانی گواستنەوەی گشتی ئەگەر پێویست نەبێت لەکاتی بەکارھێنانیشیدا بەکارھێنانی ماسک. ھەرکەسێکیش ھەستی بە نیشانەکانی ڤایرۆسەکە کرد، پشکنین بکات و خۆی کەرەنتینە بکات. بەمشێوەیە دەتوانین درێژە بە سەرکەوتنەکەمان بدەین و دۆخە تێپەرێنین".
K24
