رۆحانی: شێوازی مامەڵەکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران جێگەی قبوڵ نییە
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، وڵاتەکەی سەری سوڕماوە لەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەیانەوێت دانوستانیان لەگەڵدا بکەن، لەکاتێکدا ئەوان بون کە مێزی دانوستانەکانیان جێهێشت.
ترەمپ دەیەوێت هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان بباتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای دانوستان لە تاران دەکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، هۆکاری سەرەکی داواکای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ وڵاتەکەی ئەوەیە، دەیەوێت بەهۆیەوە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بباتەوە.
ئەگەر واشنتن داوای لێبوردن لە وڵاتەکەی بکات و قەرەبوی زیانەکانی بۆ بکاتەوە تاران دانوستانی لەگەڵ دەکات
رۆحانی باسی لەوەشکرد، وڵاتەکەی کاتێک ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئەگەر واشنتن داوای لێبوردن لە وڵاتەکەی بکات و قەرەبوی زیانەکانی بۆ بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و پابەند بێت بە سەرجەم بڕگەکانییەوە.
سەرۆکی ئێران لەبارەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، وڵاتەکەی راستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردوە، بەردەوامیش بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی رێکخراوەکە لەگەڵ وڵاتەکەی جێگەی قبوڵ نییە.
پێنجی ئەم مانگە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدواین راپۆرتیدا لەبارەی پابەندبونی ئێران بە رێککەوتننامەی ئەتۆم بڵاویکردەوە، لە ئێستادا یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە هەشت جار زیاترە لەوەی رێگە پێدراوە و تارانیش گرفت بۆ تیمەکانیان کە تایبەتن بە چاودێریکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی دروستدەکات.
خەندان
