چین سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکانی یەکەمین چارەسەری کۆرۆنا راگەیاند

 چین سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکانی یەکەمین چارەسەری کۆرۆنا راگەیاند

پەیمانگای وهان بۆ بەرهەمە بایەلۆژییەکانی سەر بە کۆمپانیای ساینوفارما-ی چینی رایگەیاند، تاقیکردنەوەی جۆرێک لە ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان لەسەر مرۆڤ ئەنجامداوە و لە قۆناغی یەکەم و دوەمی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.

قۆناغی یەکەم و دوەمی تاقیکردنەوەکانی یەکەمین ڤاکسینی دژە کۆرۆنای لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتویی تاقیکردەوە


بەپێی میدیا فەرمییەکانی چین، پەیمانگای وهان بۆ بەرهەمە بایەلۆژییەکانی سەر بە کۆمپانیای ساینوفارما ئاشکرایکرد، قۆناغی یەکەم و دوەمی تاقیکردنەوەکانی یەکەمین ڤاکسینی دژە کۆرۆنای لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتویی تاقیکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر مرۆڤ دەریخستوە کە سەلامەتە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو مرۆڤانە دەرنەخستوە، کە لەسەریان تاقیکراوەتەوە.

ئەو بەشداربوانەی کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە لە پاش تێپەڕبونی 28 رۆژ، بەهۆی ڤاکسینەکەوە جەستەیان بەرگری لە دژی ڤایرۆسەکە پەیداکردوە


هاوکات رونیشیکراوەتەوە، ئەو بەشداربوانەی کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە لە پاش تێپەڕبونی 28 رۆژ، بەهۆی ڤاکسینەکەوە جەستەیان بەرگری لە دژی ڤایرۆسەکە پەیداکردوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای ساینوفارما ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆ ماوەی 66 رۆژ تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیان لەسەر مرۆڤ ئەنجامداوە و بەپێی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکان ڤاکسینەکە کارا دەبێت لە پاش لێدانی دو دەرزی لەکەسەکە.

لە ئێستادا 12 جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەجیهاندا لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا پەرەی پێدەدرێت، لەکاتێکدا کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە، جیهان گەیشتوەتە قۆناغێکی مەترسیداری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

لە ئێستادا ئەو ڤاکسینەی کۆرۆنا چوەتە قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوەکان، کە تیایدا رەزامەندی لەسەر دەدرێت بۆ بەرهەمهێنان و خستنەبازاڕی دەرمانەکە.





خەندان -
Top