ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە
سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند وێڕای تێپەڕینی ٦٩ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی جاڕنامەی کۆڕبەندی جیھانیی مافەکانی پەنابەران، بەڵام ھیشتا دیاردەی کۆچکردن و ئاوارەبوون بەردەوامە.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ٢٠ / ٦ / ٢٠٢٠ شەست و نۆ ساڵ بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی کۆڕبەندی جیھانیی پەنابەراندا تێپەڕ دەبێت کە لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری جنێف بۆ مافەکانی پەنابەران ڕێک خراو ڕێککەوتنی لەسەر کرا".

گوتیشی: "بەھۆی ناسەقامگیریی باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ساڵانێکە ھاتووەتە پێش، ساڵانە سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارە بەھۆی خراپیی باردودۆخی ڕێگا قاچاخەکانەوە بە چەندین جۆر تراژیدیای دڵھەژێنی مرۆیی گیان لەدەست دەدەن، یان بێسەروشوێنن بوون کە بەشێکی زۆری قوربانییەکان ژن و منداڵن، ھاوکات سەدان پەنابەری دیکە بەھۆی ڕاگرتنیان لە کەمپ و گرتووخانەکاندا بۆ ماوەیەکی دریژخایەن دەستبەسەر کراون کە بەشێکیان تووشی شڵەژانی دەروونی و دڵەڕاوکێ بوون".

ئاری جەلال ئەوەشی خستە ڕوو: "کە لەو ساڵیادەدا چەند داواکارییەکیان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و کونسووڵی وڵاتان ناردووە لەوانە: "کاری جدی و بەپەلە بکرێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، کە بەشێک لە وڵاتان پلانی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانیان ھەیە، ھەروەک داوامان کردووە کە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بھێندرێت بە سیاسەتی ڕاگرتنی پەنابەران لە کەمپەکاندا و ئاسانکاری بکرێت لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی ئەو ھاووڵاتی و پەنابەرانە لە دەرەوەی وڵات بۆ زێدی خۆیان".

سەرۆکی دەزگای لووتکە داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و سەرمایەدار و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە ھاوکاریان بن لە پرۆژە مرۆییەکاندا بۆ بەھاناوەچوونی پەنابەران و ئاوارەکان بەتایبەتی لە ھەڵمەتی ھۆشیار و ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس و دابینکردنی پێداوستییە خۆپارێزیەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.











باسنیوز




Top