تەندروستی جیهانی: دەچینە قۆناغێکی مەترسیداری بڵاوبونەوەی کۆرۆنا
بەپێی تۆڕی هەواڵی Euronews، تیدرۆس ئەدهانۆم گیبەرسۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە جیهاندا پەباندی مانەوە بونە لە ماڵەکانیان، بەڵام بەهۆی کەمکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە وڵاتانی جیهان، قۆناغێکی مەترسیداری پەتای کۆڤید-19 بەم نزیکانە دەستپێدەکات.
ڤایرۆسێکی کوشتندەیە و تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر زۆرینەی دانیشتوانی جیهان
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی جیهان دەیانەوێت بە زوترین کات پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگانانیان دەسپێبکەنەوە و ئابوری وڵاتەکەیان ببوژێننەوە، بەڵام کۆرۆنا ڤایرۆسێکی کوشتندەیە و تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر زۆرینەی دانیشتوانی جیهان.
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 150 هەزار توشبوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە
پێشتر رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لەبارەی هەڵكشانی بەرچاوی ژمارەی توشوبوان بە كۆرۆنا لە جیهاندا، هۆشداریدا و ئاماژەی بەوەكردوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 150 هەزار توشبوی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاكەوە تا ئێستا زۆرترین ژمارەی توشبوانی نوێیە لە رۆژێكدا تۆماربكرێت.
بەگوێرەی دوائامارەکانی جیهان، تایبەت بە كۆرۆنا، تا ئێستا لە سەرتاسەری جیهان هەشت ملیۆن و 766 هەزار و 888 توشبو بە كۆرۆنا هەیە، 462 هەزار و 706 توشبو گیانیان سپاردوە، چوار ملیۆن و 628 هەزار و 625 توشبو پەتاكەیان پەڕاندوە.
خەندان
