ترەمپ: یاساکانی پۆلیسی ئەمریکا هەڵناوەشێنرێنەوە
نە پاڵپشتییە دارایەکانی حکومەتەکەی بۆ بەرێوەبەرایەتی پۆلیس کەمدەکرێتەوە، نە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا لەوەڵامی داوای خۆپیشاندەران بە کەمکردنەوەی پاڵپشتییە دارایەکان بۆ بەرێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی وڵاتەکەی رایگەیاند، نە پاڵپشتییە دارایەکانی حکومەتەکەی بۆ بەرێوەبەرایەتی پۆلیس کەمدەکرێتەوە، نە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
لەسەدا 99ی پیاوانی پۆلیسی وڵاتەکە کەسانی مەزنن
ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت هاوڵاتیانی ئەمریکا لەوە دڵنیا ببکەنەوە، کە لەسەدا 99ی پیاوانی پۆلیسی وڵاتەکە "کەسانی مەزنن".
دوێنێ دوشەممە ولیام باڕ، وەزیری دادی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی CBS-ی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هێشتا لە ئەمریکا رەگەزپەرستی پەیڕەودەکرێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم سیستەمی یاسای وڵاتەکە رەگەزپەرەستانە بێت".
دوای ئەوەی 27-ی مانگی رابردو جۆرج فلۆیدی رەشپێست لە ژێر قاچی ئەفسەرێکی سپیپێستدا گیانیلەدەستدا، شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی نەتەوەپەرستی و لە ئەمریکا و جیهان سەریهەڵداوە.
خۆپیشاندەرانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن چەندین ساڵە داوای چاکسازی لە مامەڵەی پۆلیسدا دەکەن و گوێیان لێنەگیراوە، بەم دوایانەش داوای هەڵوەشانەوەی سیستەمی بەرێوەبەرایەتییەکای پۆلیسی ئەمریکا و وەستاندنی پاڵپشتییە دارایەکانیانی پۆلیسیان لە حکومەتی وڵاتەکە کرد.
خەندان
