وەزیری دادی ئەمریکا: یاساکانی پۆلیس پێویستیان بە گۆڕانکاری نییە
وەزیری دادی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سیستەمی یاساکانی پۆلیسی وڵاتەکەی رەگەزپەرستانە نییە، بە شێوەیەکی سیستماتیکی داڕێژراوە.
لەو بڕوایەدا نیم سیستەمی یاسای وڵاتەکە رەگەزپەرەستانە بێت
ولیام باڕ، وەزیری دادی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی CBS-ی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هێشتا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەگەزپەرستی پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم سیستەمی یاسای وڵاتەکە رەگەزپەرەستانە بێت".
لەوە تێدەگەم بۆچی کۆمەڵگا ئەمریکی - ئەفریقییەکان متمانەیان نییە
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ ئەوەی یاسای وڵات بە شێوەی رەگەزپەرەستانە دانەڕێژراوە، بەڵام لەوە تێدەگەم بۆچی کۆمەڵگا ئەمریکی - ئەفریقییەکان متمانەیان نییە".
ولیام باڕ باسی لەوەشکرد، سیستەمی حکومڕانی ساڵانی شەستەکانی ئەمریکادا بەشێوەیەکی راشکاوانە رەگەزپەرەستی لە ئەمریکا پەیڕەودەکرا، بەڵام لەدوای قۆناغی چاکسازی یاساکانی وڵات بەرەپێشچونی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە، سوپای وڵاتەکەش باشترین نمونەی ئەو چاکسازیەیە.
کاتێک پرسیاری دەربارەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پارێزبەندی ئەو پۆلیسانە لێکرا کە بەشێوەیەکی خراپ مامەڵە دەکەن باڕ رایگەیاند، "لەو بڕوایەدا نیم کەمکردنەوەی پارێزبەندی بتوانێت رەفتاریان چاکبکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستکردنی نادڵنیایی لە دەزگاکانی پریس و ئاسایشی وڵات".
دوای ئەوەی 27-ی مانگی رابردو جۆرج فلۆیدی رەشپێست لە ژێر قاچی ئەفسەرێکی سپیپێستدا گیانیلەدەستدا، شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی نەتەوەپەرستی و لە ئەمریکا و جیهان سەریهەڵداوە.
خۆپیشاندەرانی ئەمریکا باس لەوەدەکەن چەندین ساڵە داوای چاکسازی لە مامەڵەی پۆلیسدا دەکەن و گوێیان لێنەگیراوە، هۆکارێکی دیکە کە خۆپیشاندەرانی توڕەکردوە، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی خۆپیشاندەران.
باسنیوز
