حاكمی ویلایەتی نیویۆرك بە شێوەیەكی راستەوخۆ پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامدەدات
رایگەیاند پشكنینەكە زۆر ئاسان ئەنجامدەدرێت
ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، ئاندرۆ كۆمۆ، حاكمی ویلایەتی نیویۆرك بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەسەر شاشەی تەلڤزیۆنەوە پشكنینی كۆرۆنای ئەنجامدا و رایگەیاند پشكنینەكە زۆر ئاسان ئەنجامدەدرێت.
لەم پشكنینەدا هیچ شتێك نییە جێگەی ترس و نیگەرانی بێت
دوای ئەوەی ئێلیزابێس دۆفۆرت، ئەو خانمە پزیشكەی پشكنینەكەی بۆ كۆمۆ ئەنجامدا، كۆمۆ لە رێگەی رۆژنامەنوسانەوە بە خەڵكی وڵاتەكەی راگەیاند "لەم پشكنینەدا هیچ شتێك نییە جێگەی ترس و نیگەرانی بێت، زۆر بە ئاسانی و خێرایی ئەنجامدەدرێت".
خۆتان خۆشبوێت و خێزان و دانیشتوانی نیویۆركیش بە هەمانشێوە
وتیشی، پێویستە لەسەرتان ژیر و یەكگرتو و رێكخراو بن، خۆتان خۆشبوێت و خێزان و دانیشتوانی نیویۆركیش بە هەمانشێوە.
بەپێی وتەكانی كۆمۆ، ئەوە یەكەمینجار نییە پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامدەدات و پێشتر چەندینجار ئەنجامیداوە، بەڵام بڕیاریداوە ئەمجارە لەبەردەم چاوی خەڵكدا ئەنجامیبدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجامەكەی پاش رۆژێك یان دو رۆژ دەردەچێت و بەهۆی ئەوەی دەكرێت توشبوی نەخۆشییەكە بێ دەركەوتنی هیچ نیشانەیەك پەتاكە بگوازێتەوە، پێویستە لەسەرمان پشكنینەكە ئەنجامبدەین.
خەندان
