ئێران: ئەمریكییەكان لە داهاتودا تێدەگەن كشانەوەیان لەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیان نەبوە

ئێران: ئەمریكییەكان لە داهاتودا تێدەگەن كشانەوەیان لەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیان نەبوە
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی دایەوە، سەبارەت بە كاراكردنەوەی سەرجەم سزاكانی سەر وڵاتەكەی.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو هەڕەشانەی دایەوە، كە برایان هوك، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریكی واڵستریت جۆرناڵ رایگەیاند.

لێدوانە بێئەقڵانەكانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا بەرامبەر رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە شتێكی نوێ نییە، توشی سەرسوڕمانیش نابین

زەریف ئاماژەی بەوەكرد "لێدوانە بێئەقڵانەكانەكانی بەرپرسانی ئەمریكا بەرامبەر رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە شتێكی نوێ نییە، توشی سەرسوڕمانیش نابین بە وتەی لایەنێك پێشنیاردەكات دەرزی ماددەی پاكژكردنەوە لە هاونیشتیمانیان بدرێت و بانگەشەی ئەوەش دەكات ئەندامە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران پاش ئەوەی پێشێلكاری كرد".

ئەمریكییەكان لە داهاتودا تێدەگەن كشانەوەیان لەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیان نەبوە

راشیگەیاند، برایان هۆك هیچ پەیوەندییەكی بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە نییە هەتا بانگەشەی ئەوە بكات ئەرزشی رێككەوتنەكە نەماوە هەتا هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، چونكە ئەوە بەڵگەیەكی بەهێزە و ئەمریكییەكان لە داهاتودا تێدەگەن كشانەوەیان لەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندیان نەبوە.

سەرجەم هاوپەیمانانی واشنتن ئەو وتانەی هوك-یان رەتكردوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، سەرجەم هاوپەیمانانی واشنتن ئەو وتانەی هوك-یان رەتكردوەتەوە و رایانگەیاندوە، هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ درێژكردنەوەی گەمارۆی چەك لەسەر تاران رەتدەكەنەوە.

لە كۆتای وتەكانیدا زەیف باسی لەوەشكرد، رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە ئێستادا تەنها پەیوەندی بە تاران و ئەو وڵاتانەوە هەیە كە پابەندن و تێیدا ماونەتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەكەشمان لەماوەی ساڵانی دواییدا پەرەی سەندوە و رێككەوتننامەی ئەتۆمی نەبوەتە بەربەست بۆ پێشكەوتنی.

ئەوە لەكاتێكدایە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی برایان هوك، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران تایبەت بە دۆسیەی ئەو وڵاتە كە لەگەڵ رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریكییەوە بڵاوكراوەتەوە، هوك رایگەیاند وڵاتەكەی لە هەوڵی ئەوەدایە سزاكانی سەر ئێران كارابكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سزاكان قەدەغەكردنی مامەڵەی چەك-یش دەگرێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجامدەدرێت ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری قەدەغەكردنی چەك لەسەر تاران درێژنەكاتەوە، كە ماوەی ئەو بڕیارە لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا و لەسەر بنەمای رككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران كۆتایی پێدێت.







خەندان
Top