ئەمریکا ناوی سودان لە لیستێکی تایبەت بە تیرۆر دەردەهێنێت و ئێران دەهێڵێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی دەوڵەتی سودان لە لیستیکی تایبەت بە تیرۆر، دەردەهێنێت.
لیستە نوێیە هەموارکراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی چوارشەممە 13-5-2020. بڵاو کراوەتەوە و دووبارە ناوی وڵاتانی ئێران، کۆریای باکوور، سووریا، ڤەنزوێلا و کوبای تێدا جێگیر کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە ئەو وڵاتانەی لەو لیستەدا پۆلین کراون، هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی تیرۆر، ناکەن.
لەو لیستە هەموارکراوە، ئەمریکا ناوی سودانی دەرهێناوە، کە لە ساڵی 1993ـەوە خرابووە ناوییەوە.
دەرهێنانی ناوی سودان لەو لیستەی ئەمریکا دوای لەسەرکار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی ئەو وڵاتە دێت، کە لە دادگای نێودەوڵەتییەوە بەهۆی تاوانی کۆمەڵکوژی، داواکراو بوو.
رۆژی 11-4-2019، سوپای سودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.
دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.
باسنیوز
