وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی ئێران بە نازییەکان ناودەبات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نازییەکان ناودەبات.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دووەم ساڵیادی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی وڵاتانی پێنج + یەک و ئێران، بەیاننامەیەکی دەرکردووە.
لە بەیاننامەکەدا، کە وەزارەتی دەرەوە بڵاوی کردووەتەوە، مایک پۆمپیۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بە نازی ناودەبات، وەک ئاماژەیەک بۆ نازییەکانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەدۆڵف هیتلەر و وڵاتەکەشیان بە ”گەورەترین پاڵپشتی بەرەی دژی جوولەکە“ ناو بردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، 75 ساڵ بەر لە ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانان نازییەکانیان لەناو برد، ”ئێستاش مەترسییەکی دیکە لەسەر ئاشتیی جیهانی دروست بووە“، کە مەبەستی ئێرانە.
پۆمپیۆ پێی وایە دوای کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکی، ئاسایشی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامییان بەخۆیانەوە دیوە.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
