نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکە لە تورکیا تووشی کۆرۆنا بوون
بە گوتەی كۆجا كە لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا، هەزار و 983 كەس لە توركیا تووشی كۆرۆنا بوون و ٧٨ كەسیش گیانیان لەدەست داوە.
كۆجا ئاشكرای کردووە هەر لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٤ هەزار و ٤٥١ تووشبوو چاك بوونەتەوە و دەڵێت ئەوە ئاماژەیەكی باشە كە بۆ یەكەمجارە ژمارەی تووشبوو لە توركیا گەیشتووەتە خوار ٢ هەزار و كەمی ماوە مەترسیی كۆرۆنا تێپەڕێنین".
ژمارەی گشتیی تووشبوو بە كۆرۆنا لە توركیا گەیشتووەتە ١٢٤ هەزار و ٣٧٥، هەروەها ژمارەی گیان لەدەستدانیش گەیشتووەتە سێ هەزار و ٣٣٦.
لە توركیا لە ١١ی ٣ی ٢٠٢٠ كە یەكەم رۆژی راگەیاندنی تووشبووی كۆرۆنا بوو لەو وڵاتە، تاكوو ٢ی ٥ی ٢٠٢٠ ژمارەی تێستەكانی بۆ یەك ملیۆن و ١١١ هەزار بەرز كردووەتەوە، بۆیە كۆجا ئەمەی بە سەركەوتنێكی گەورە هەژمار كرد.
زۆرترین ژمارەی تووشبوو لە ئیستانبۆڵ تۆمار كراوە، كە ٢٨ هەزار و ١٤ كەسن و ژمارەی گیان لەدەستدانیش هەر لەو شارەدا بە بەرزی ماوەتەوە.
بە گوێرەی گوتەی كۆجا، لە ٢٥ شاری توركیا كۆرۆنا هیچ كەسێكی نەكوشتووە و تەنیا تووشبووی لێ تۆمار كراوە.
باسنيوز
