ئۆپۆزسیۆنی توركیا: هەڵبژاردنی پێشوەختە كوودەتا نییە
ئاكەپە و مەهەپە كە لەناو پەرلەمانی توركیا هاوپەیمانی یەكترن، پێیان وایە ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەستی دەرەكی لە پشتە و كودەتایە، بەڵام سەركردەیەكی باڵای ئۆپۆزسیۆنی توركیا چوونە سەر سندوقی دەنگدانی پێ كودەتا نییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، بە توندی دژی هەڵبژاردنی پێشوەختەن لە توركیا، تەنانەت دەڵێن هەر لایەنێك هەوڵی بۆ بدات نیازی كوودەتای هەیە.
بەڵام فایق ئۆزتراك جێگری سەرۆكی جەهەپە و وتەبێژی ئەو پارتە، لە دیمانەیەكیدا بۆ تەلەڤزیۆنی (فۆكس تی ڤی)، دەڵێت ئەگەر چوونە سەر سندووقی دەنگدانتان پێ كوودەتایە، كەواتە وڵاتەكەمان كەوتووەتە ناو بارودۆخێكی زۆر مەترسیدارەوە.
ئەو باس لەوەش دەكات، ئەوان هەوڵ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە نادەن، بەڵام میللەت بەو بارودۆخەی ئێستا رازی نییە و، پێیان وایە سیستەمی سەرۆكایەتی تاكڕەوی بەرهەم هێناوە، بۆیە رەنگە لەسەر داوای ئەو هەڵبژاردن بكرێت.
ئەو دەڵێت: "ئێمە خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە دەكەین و كاری بۆ دەكەین. ئەردۆغان دەزانێت ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار بۆیە بە كودەتا ناوی دەبات".
باسنیوز
