ئیبراهیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا: ڕووسیا، سیستەمی بەرگریی S400 چالاك ناكات بۆ ئێمە
بڕیار بوو لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا ڕووسیا سیستەمی بەرگریی S400 لە توركیا چالاك بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو سیستەمە چالاك نەكراوە. گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیاش هۆكارەكەی بۆ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە.
ئیبراهیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، لە پێگەی خۆی لە تویتەر ئاشكرای كرد، سیستەمی بەرگریی S400 بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا كاتێكی نادیار چالاك ناكرێت.
بەڵام ئەوەی لە پشتی ئەو بابەتە باس دەكرێت جیاوازە و ئەگەرەكان باس لە رێگریكردنی ئەمریكا دەكەن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێككەوتنە.
ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە بە توركیای گوت، ئەگەر سیستەمی بەرگریی S400 لە ڕووسیا بكڕێت، ئیدی چاوەڕێی ئەوەش بكە سزای ئابووریت بەسەردا بسەپێنم، ئەمە جگە لەوەی بە هیچ شێوەیەك فڕۆكەی جەنگیی F35 شی رادەست ناكات.
چەند شرۆڤەكارێكی سیاسیی توركیا پێیان وایە، توركیا ناتوانێت بەرگەی سزاكانی ئەمریكا بگرێت، چونكە بارودۆخی ئابووریی زۆر خراپە، هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و خراپیی رەوشی ئابووریی هەموو جیهان، توركیا لەڕووی ئابوورییەوە زیانی زۆری بەر كەوتووە.
ئێستاش توركیا ناتوانێت بەرگەری سزای ئەمریكا بگرێت، چونكە چەندین ملیار دۆلار زیانی بەر كەوتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی كەرتی گەشتیاری بەهۆی كۆرۆناوە گەیشتە سفر و، بەرهەمی هەناردەشی بە هەمان شێوە زۆر كەمی كردووە.
بۆیە بە رێككەوتن لەگەڵ ڕووسیا، سیستەمی بەرگریی S400 چالاك ناكات، ئەمەش دڵی ئەمریكای خۆش كردووە و هەوڵ دەدات توركیا بە تەواوی دەستبەرداری ئەو سیستەمە بكات.
ماڵپەڕی (سۆزجو)ی توركی ئاشكرای کردووە ئەمریكا لەڕێگەی دیبلۆماسییەوە دەیەوێت توركیا ناچار بكات سیستەمی بەرگریی S400 لە ڕووسیا نەكرێت، لە بەرامبەردا ئۆفەری سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی پێشكەش دەكات، كە هەمان كاری S400 دەكات.
ئەگەرچی توركیا داكۆكی دەكات كە پاشگەز نابێتەوە لە كڕینی S400، بەڵام فشارەكانی ئەمریكاش وای لە توركیا كردووە، لە چالاككردنی S400دا پەلە نەكات، چونكە ئەنجامەكەی بە دڵی توركیا نابێت و ڕەنگە بە سزای ئابووریی گەلەكەی باجەكەی بدات.
باسنیوز
